چۆن خەڵکی لە تیکتۆک پارە پەیدا دەکەن؟
+964
بڵند عوسمان – هەولێر
تیکۆک لەلایەن بەشێک لە بەکارهێنەران دەکرێتە سەرچاوەیەک بۆ پەیدا کردنی داهات.
لە کانونی یەکەمی ٢٠٢١ کۆمپانیای تیکتۆک چەند تایبەتمەندی نوێی بۆ پلاتفۆرمەکەی زیاد کرد، کە رێگە دەدات بە ئینفلەوەنسەرەکان پارە پەیدا بکەن.
ئینفلەوەنسەر بەو کەسە دەوترێ کە ڤیدیۆی تایبەت بە خۆی دروست دەکات لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، خاوەنی ژمارەیەک هەوادارە.
رێگای یەکەم ڤیدیۆی راستەوخۆیە واتا لایڤ کە باوترین رێگای پارە پەیداکردنە لە تیکتۆک، لە ئێستادا بەو پێیەی زۆرترین ئینفلەوەنسەر بەکاری دێنن و خەڵکیش زۆر بە ئاسانی دەتوانن پارەیان بۆ بنێرن و پشتگیریان بکەن.
رێگای دووەم لە تیکتۆک کە دەتوانرێت پارەی پێ پەیدا بکرێت رێگای مۆنێتایزە، کە بە مانای نیشاندانی ریکلامی براند و کۆمپانیاکانە دەکەونە سەر ڤیدیۆکانی ئینفلەوەنسەرەکان، بەمەش پارە بۆ ڤیدیۆکە هەژماردەکرێ و کۆدەکرێتەوە تاوەکو کۆتایی مانگ دەتواندرێت پارەکە رابکێشرێت.
ئەم رێگایەی دووەم لە ئێستادا تەنها بۆ وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا، بەردەستە.
تیکتۆک تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نوێیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ دروستکراوە، لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.