وەزارەتی دارایی: یەکشەممە موچە دابەش دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئەو پارەیەی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتووە، لەسەر هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین نێردراوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەی موچەی مانگی ئایار وەردەگرێت.

سەرەتای ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق بڕیاری دا 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام رێککارە کارگێڕییەکان ئەو پرۆسەیەی دواخست، ئەمەش بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند مانگێکە بەهۆی رێککارەکانی ناردنی ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت، موچەی فەرمانبەران دوادەکەوێت.

مانگانە حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە.