لاوانی یانەی دەربەندیخان پارەی کڕینی ئاوی خواردنەوەیان نییە
964+
میلاد جەلال – دەربەندیخان
لاوانی یانەی وەرزشی دەربەندیخان لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک و دەستەی کارگێڕیی یانەکەیان، تووشی کێشەی دارایی بوونەتەوە، “پارەی کڕینی ئاوی خواردنەوەیان نییە”.
دوای نزیکەی 20 رۆژ لە راگرتنی راھێنانەکان، ماوەی چەند رۆژێکە لاوانی دەربەندیخان دەستیان بە راھێنانەکانیان کردووەتەوە بۆ ئامادەکاری خولی لاوانی کوردستان.
لە 10ی تەمووز، خولی لاوانی کوردستان دەستپێدەکات، بڕیارە خولەکە ماوەی دوو مانگ بخایەنێت.
“ئەگەر لەلایەن دەوڵەمەندەکان و خێرخوازانی دەربەندیخان ھاوکاری نەکرێین بەشداریکردنمان لە خولەکە زۆر قورس دەبێت” سەرپەرشتیاری لاوانی یانەی دەربەندیخان وای وت.
سامان عوسمان، سەرپەرشتیاری لاوانی یانەی وەرزشی دەربەندیخان، بە 964ـی وت، سەرجەم یاریزانەکان و دەستەی سەرپەرشتیار و راھێنەران بە شێوەی خۆبەخشانە دەستیان کردووەتەوە بە راھێنانەکان، بۆ ئەوەی یاریزانەکان بێبەش نەبن لە خولی لاوانی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد، “لە لایەن کۆمەڵێک وەرزشدۆست و خێرخوازی شاری دەربەندیخان، ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین کراوە، ئەوەش تەنیا بەشی ماوەیەکی دیاریکراوە، ئەگەر بەشداری لە خولی لاوان بکەین پارەی ھاتوچۆ و نان خوارنمان نییە”.
بڕیارە لە 20ـی ئەم مانگە یانەکان لیستی ناوی یاریزانەکان پێشکەش بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بکەن و پاشان تیروپشک بۆ یارییەکان دەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی