“بەشێك لە ماتۆڕسکیلە بێ مەنەفێستەکان بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاوڵاتیان”

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

رەنگە دانیشتووانی کۆڵانێک نەمابێت، بەهۆی دەنگە بەرزەکەیەوە لە بەکارهێنەرانی ماتۆڕسیکل نیگەران نەبن، هاتوچۆ بەردەوامە لە دەست بەسەرداگرتنیان، بەڵام تا دێت ژمارەشیان زیاد دەکات.

بەپێی سۆراغی 964، زۆرینەیان مەنەفێستیان نیە.

ساڵانسا یان (ئەکسۆس) هۆکاری یەکەمی دەنگە بەرزەکەیە، ماتۆڕسوارەکان ئەکسۆسەکەیان کون دەکەن یان پڵیتەی ناوی لادەبەن، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی دەنگێکی بەرز.

لە بازاڕدا نرخی ماتۆڕسکیلەکان لە 100دۆلارەوە بۆ یەک هەزار و 300 دۆلار دەستپێدەکات، بەڵام ئەوەی لەنێو کۆڵانەکاندا دەبینرێت نرخیان لە 100هەزارەوە بۆ 450 هەزار دینارە.

لە دەستپێکی بەهارەوە بۆ کۆتایی وەرزی پایز بازاڕی ماتۆڕفرۆشەکان گەرمە، رزگار یەحیا یەکێکە لەو فرۆشیارانە ئەو بە 964ـی وت، “ئەو ماتۆڕسکیلانەی دەنگیان بەرزە ماتۆڕی هەرزانن، لەنێوان یەک پستن بۆ چوار پستنن، بەڵام شەش پستن دەنگیان بەرز نییە و لەهەمان کاتدا گرانن”.

بە وتەی رزگار یەحیا، زۆرینەی خەڵکی قەزا و ناحیەکان و دەرەوەی شار ئێستا بۆ کاری کشتوکاڵ ماتۆڕسیکل بەکاردەهێنن، بەڵام لەناو شاردا وەک حەز یان وەک ئاسانکاری بۆ گەیاندن سوودی لێوەردەگرن.

ئەوەشی وت، “ خۆم کە فرۆشیارم لە هەندێک ماتۆڕسواری گەنج بێزارم و بەردەوامیش رێنماییان دەکەم ساڵانسە کون نەکەن و خەڵک بێزار نەکەن، بەڵام لەم دۆخەشدا تەڕ و وشک پێکەوە سوتاوە”.

بەگوێرەی سۆراغێک، هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی لە رێگەی دەروازەکان قەدەغەیە، بەڵام لە خاڵی قاچاغ و دەروازەی نافەرمی هاوردەکردنی نەوەستاوە، رزگار یەحیا پشتڕاستی کردەوە کە هەر ئەو ماتۆڕسکیلانەن و مەنەفێستیان نیە، چونکە بە قاچاغ داخڵ کراون.

هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری خۆی بۆ دەست بەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکان نەگۆڕیوە، بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، “ئەو ماتۆڕسکیلانە لەلایەن مەفرەزەکانمانەوە دەستی بەسەردادەگیرێت کە هیچ بەڵگەنامەیەکیان نیە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی