پارێزگاری هەولێر باری تەندروستی تێکچووە و لە نەخۆشخانەیە
964+
فەرمان سادق
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 11.6.2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر باری تەندروستی تێکدەچێت و رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری رزگاری کراوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە 964ـی وت، کەمێک پێش ئێستا قسەم لەگەڵ پارێزگار کردووە.
زیاتر وتیشی “چەند پشکنینكی بۆ کراوە و بە قسەی خۆی بێت تەنیا یەک پشکنینی ماوە ئەنجامی بدات”.
قایمقامی هەولێر، باس لەوەشدەکات کە شەوی رابردوو کاتێک بۆ بینینی یاری کۆتایی چامپیۆس لیک بەیەکەوە لە ئیسکان بوون، بە ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێری وتووە کە باری تەندروستیت باش نییە و “رەنگ زەرد دیاری”.
دەشڵێت: هۆکاری سەرەکی تێکچوونی باری تەندروستی پارێزگار بۆ ئەو لۆدە زۆرە دەگەڕێتەوە کە لەسەریەتی، زیاتریش بۆ ئەو هەموو تەلەفۆنەی بۆی دێت، چونکە کێشەکەی زیاتر لە گوێی دایە.
بە قسەی قایمقامی هەولێر بێت، ئێستا ئومێد خۆشناو لە نەخۆشخانەی فێرکاری رزگارییە و لەلایەن پزیشکانی نەخۆشخانەکە پشکنینی پێویستی بۆ ئەنجامدەدرێت.