سبەینێ تاقیكردنەوەی ماستەر و دكتۆرا دەكرێت
+964
كوردستان ئەحمەد
سبەینێ تاقیكردنەوەی توانستی زانستی ماستەر و دكتۆرا دەكرێت و وەزارەتی خوێندنی باڵاش چەند رێنماییەك بڵاودەكاتەوە.
سبەینێ دووشەممە 12.6.2023 كاتژمێر 11ی بەیانی تاقیكردنەوەكانی توانست دەستپێدەكەن.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گرنگترین رێکارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڵاوكردەوە.
مەرجەكان ئەمانەن
1- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە نێو کۆلێژدا هەڵەچنین (تصحیح) بکرێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت ببرێتە دەرەوەى زانکۆ.
2- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە هەر بەشێک یان کۆلێژێک، لە هۆڵێکی ئامادەکراو هەڵەچنینی بۆ بکرێت.
3- ماوەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمی (3) سێ سەعات دەبێت، هەروەها بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و ماستەر و دکتۆرا ماوەکە (4) چوار سەعات دەبێت.
4- وەڵامدانەوەى پرسیارى تاقیکردنەوە تەنها بە قەڵەم جافى رەنگى شین دەبێت، لە پێناو نەبونى جیاوازى لە پەراوى تاقیکردنەوەى پێشکەشکاران، پێویستە لە لایەن زانکۆکانەوە قەڵەم جافى رەنگى شین بۆ پێشکەشکاران دەستەبەر بکرێت.
5- ڕێگە بە بردنە ژورەوەى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و تەکنەلۆژیا بۆ نێو هۆڵى تاقیکردنەوە نادرێت وەکو (مۆبایل و سەعاتى زیرەک و ..هتد).
6- پێویستە هەر پرسیارێک لەسەر پەڕاوێکى جیاواز وەڵام بدرێتەوە.
7- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەکان ئامادە بێت بۆ ئەوەى لە هەر کاتێکى پێویست لیژنەى تایبەت لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ بکات بە مەبەستى وردبینی و دڵنیابون لە جێبەجێکردنى گشت رێنماییەکانى پەیوەندیدار.
8- پێویستە بەشداربوو تەنها وەڵامى پرسیارەکان لە پەڕاوى تاقیکردنەوە بنووسێت و نابێت هیچ (ئاماژەو هێمایەک…هتد) تێدا بنووسێت، بە پێچەوانەوە بە گزى (غش) هەژمار دەکرێت و بە پێى رێنماییەکاتى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
9- پێویستە بەشداربوو پابەند بێت بە رێکارەکانى لیژنەى سەرپەرشتى تاقیکردنەوەکان و چاودێرەکانى هۆڵى تاقیکردنەوە، بە پێچەوانەوە بە پێى رێنماییەکانى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
10- پێویستە بەشداربوو یەکێک لە بەڵگەنامە ڕەسەنەکانى وەکو (ناسنامەى بارى شارستانى، رەگەزنامە، کارتى نیشتیمانى، پاسپۆرت)ى پێ بێت.