بەروبوومی گەرمیان پێگەیشتووە و سەدان کەسی خستووەتە سەر کار

964+
هونەر فارس

ژن و پیاو سەریان کردووە بە ناو یەکدا و سەرقاڵی رنینەوەی تەماتەن، سەرجەمیان ئاوارەی ناوچە عەرەب نشینەکانن و لە کەمپەکان نیشتەجێن، ئەوان هەر کە بەروبوومی هاوینە پێگەیشت هەموو بەیانییەک دەچنە سەر کار و تا کۆتایی وەرزی رنینەوەی بەرهەمەکان بێکار نابن.

بەکر محەمەدی جوتیار، ئەمساڵ نزیکەی 55 دۆنم تەماتەی چاندووە و بۆ رنینەوەی رۆژانە پێویستی بە 50 بۆ 80 کرێکار هەیە، بە وتەی خۆیشی گەر هاوکاری بکرێت دەتوانێ تەماتەی هەموو دەڤەری گەرمیان دابین بکات.

جوتیارێکی دیکەش 103 دۆنم پەتاتەی چاندووە و گەر گرفتی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکەی نەبێت بۆ ماوەی دوو مانگ رۆژانە 100 کرێکار دەخاتە سەر کار.

تەنیا ئەمساڵ لە سنوری گەرمیان نزیکەی 10 هەزار دۆنم تەماتە و 10 هەزار دۆنم شوتی و زیاد لە هەزار دۆنم پەتاتە چێندراون و تا کۆتایی وەرزی رنینەوەیان سەدان کرێکار کاریان تێدادەکەن.