پێشتریش 10 حاڵه‌تیان هه‌بووه‌

دوو حاڵه‌تى هه‌وكردنى په‌رده‌ى مێشكى منداڵان له‌ كۆیه‌ ره‌وانه‌ى هه‌ولێر كران

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ته‌ندروستى گشتیی كۆیه‌ ده‌ڵێت، دوو حاڵه‌تى هه‌وكردنى په‌رده‌ى مێشكى منداڵانیان هه‌یه‌ و ره‌وانه‌ى هه‌ولێریان كردوون و هۆكارى ره‌وانه‌كردنیش بۆ هه‌ندێك كه‌موكوڕى له‌ ئامێره‌ ته‌ندروستییه‌كانیان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

دكتۆر كامه‌ران عه‌باس، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستى قه‌زاى كۆیه‌، به‌964ـى راگه‌یاند، ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌ى له‌ كۆیه‌ ره‌وانه‌ى هه‌ولێر كراون، یه‌كه‌میان له‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ و دووه‌میشیان دوێنێ هه‌ینى ره‌وانه‌ كراون.

وتیشی “هۆكارى ره‌وانه‌كردنى ئه‌و حاڵه‌ته‌ بۆ شاری هه‌ولێر كه‌موكوڕیمانه‌ له‌ ئامێری پشكنینى سیتی سكان و له‌ كار كه‌وتووه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی كۆیه‌، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌  له‌ ماوه‌ى مانگه‌كانى نیسان و ئایاری رابردوودا 10 حاڵه‌تى دیكه‌ى هه‌وكردنى په‌رده‌ى مێشكى منداڵان له‌ كۆیه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام حاڵه‌ته‌كان زۆر توند نه‌بوونه‌ و ره‌وانه‌ى ماڵه‌كانیان كراونه‌ته‌وه‌.

یه‌كه‌مین حاڵه‌تى بوونى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ى منداڵان له‌ قه‌زاى كۆیه‌، له‌ رۆژى 23.4.2023 سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌وكات ته‌ندروستى كۆیه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاندبوو، به‌هۆى نه‌بوونى پشكنینى ورد بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌، ره‌وانه‌ى سلێمانیان كردبوو.