خانمێكی كورد لە كاتی كوتانی گەنمدا. وێنە: سۆشیاڵ میدیا
گەنم دوورایەوە و كاتی دانولەیە
+964
كوردستان ئەحمەد
لە كۆتای وەرزی دروێنەی گەنم و جۆدا دەستدەكرێت بە دروستكردنی ساوەر و دانولە، ئەم كارە لە هەرێمی كوردستان رووی لە كەمبوونەوە كردووە.
دوای دروێنە و کۆکردنەوی حاسڵات، کاتێک گەنم هەڵدەگیرێت، بەشێکی و بەگوێرەی پێویستی خێزانەکە لێدەشۆرێتەوە و بەردەشۆر دەکرێت، ئەو گەنمەش پێی دەوترێت “گەمی شۆراوە” دواتر لەسەر نایلۆن وشکدەکرێتەوە، کە بە تەواوی وشكبوەوە دەکوڵێندرێت ، ئەو کارەش پێیدەوترێت ساوەر کوڵاندن”، گەنمە کوڵاوەکەش پێی دەوترێت “دانولە”.
دوای کوڵاندن لەبەر هەتاو هەڵدەخرێت بۆ وشکبوونەوە کە بە تەواوی وشکبوەوە لە فەردە دەکرێت و هەڵدەگیرێت، دوای ئەوە گەنمەکە کەمێک تەڕ دەکرێت و دەکوترێت.
، ساوەر کوتین لە چاڵێک لە ئەرزەکەدا دەکوترا ، لەم دواییانەدا لە گونیەی نایلۆن دەکراو دەکوترا، ئەو دارەی ساوەرەکەی پێ دەکوترا پێی دەوترا “ماکوت” یان “مێکوت”لە شێوەی چەکوشێکی گەورە وابوو، کلکێکی دارو پارچە دارێکی تری سەختی وەک چەکوش پێوەبوو، ئەو کەسەی ماکوتی پێ بوو بە هەموو هێزی خۆی دەیکێشا بە گەنمەکەدا.
دوای ئەم قۆناغەش قۆناغی هاڕینی ساوەر دەستیپێدەكرد، کە بە یەکەم قۆناغی دروستبونی ئاردە ساوەر دادەنرێت.
پێشتر لەشاریش و لە لادێش ساوەر بە دەستهاڕ دەهاردر، ابەڵام لە کۆتایی ساڵی هەشتاکاندا ئاشی کارەبایی لە چەند گەڕێکی شار دانرا، جگە لە هاڕینی گەنم بۆ ئارد، لەماوەیەکی کەمدا بڕێکی زۆر ساوەری پێ دەهاڕدرا.
دەستاڕ پێکهاتووە لە دوو بەردی بازنەیی روو تەختی زۆر سەخت و قورس، هەردوو بەردەکە لە ناوەڕاستەوە کونکراوون بۆ ئەوەی لەسەر یەک دەبنرێن ، بەردی خوارەوە دارێکی بەهێزی 15 بۆ 20 سانتمەتەری بە هێندەی قەبارەی کونی ژێرەوەی پیا دادەکوترا.
دوای هاڕینی تەواوی ساوەرە درشتەکە دەست دەکرا بە بژاردنەوەی ئەو وردە ئاردەی لێی بەجێ دەما پێی دەوترا ئاردە ساوەر، ئاردێکی زەردی” جوانی” وەک زێڕ وایە.
بۆگێڕانەوەی ئەم چیرۆكە هەواڵە گفتوگۆمان لەگەڵ چەند هاوڵاتیەكی بەتەمەندا كردووە كە خۆیان پێشتر كارەكەیان كردووە.