لە سنوری قەزای دوکان
وەرزی رنینەوەی ترۆزیە و دەیان گەنج کاریان دەستکەوتووە
مەجید بیتوێنی
دنیا تاریک و روونە، بە دەیان کەس دەستیان کردووە بە رنینی بێستانەکانی ترۆزی لە دەشتی بەری مەرگەی ناحیەی بنگرد لە قەزای دوکان.
سەدان دۆنم داچێنراون، رنینەوەی ئەم هەموو ترۆزییە ئاسان نییە، بە تایبەتی کە کارەکە هەمووی بە دەست دەکرێت، بەڵام تا ئەو کاتەی رۆژ گەرم دەبێت بە هەرەوەزی هەموو ترۆزییە پێگەییوەکان لە بڕکەکانیان دەکەنەوە.
بێستانەکان زۆرن و ئەم کارەش دەستی کاری زۆری دەوێت، دەیان گەنج ئەم مانگە بە هۆی رنینەوەی ترۆزییەوە کاریان دەست دەکەوێت.
نزیکەی 500 دۆنم زەوی ئەم ناوچەیە بە ترۆزی داچێندراوە، خاوەن زەوییەکان هەموو ئەو ترۆزییەی دەیڕننەوە لە فەردەی دەکەن و لەژێر کەپرێکی گەورە دایدەنێن، یەکێک لە جوملە فرۆشەکان بەتەنیا رۆژانە نزیکەی سی تۆن ترۆزی خۆماڵی تازەیان لە گوندی بەردەکۆز لێ دەکڕێتەوە و بە 15 پیکاب رەوانەی بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانیان دەکات.
بەهۆی نزیکی بێستانەکانی ترۆزی لە رێگای سەرەکی بنگرد – سلێمانی بەشێک لە جوتیارەکان هەر لەژێر کەپرەکان ترۆزیەکانیان ساغ دەبێتەوە، لێرەش بە نزیکەیی رۆژانە 10 تۆن دەفرۆشرێت.
ترۆزی لە خێزانی کاڵەکەکان حیساب دەکرێت، بۆ خواردن و زەڵاتەو ترشیاتیش بەکاردێت و ناوەندە تەندروستییەکان دەڵێن سوودیشی زۆرە، دەبێت بە ناسکی لە بڕکەکەی بکرێتەوە، خۆ ئەگەر جێبهێڵدرێت هەندێکی تا مەترێک درێژ دەبێت و بەو ترۆزییە گەییوە دەوترێت کالیار.