258 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانن

964 دەقی رێکەوتنی مادەی 13 و 14 بڵاودەکاتەوە

964+

فەرمان سادق

بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆیی 329 ئەندام، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بودجە دەستی پێکرد.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر دوا رەشنووسی هەردوو مادەی 13 و 14ـی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە گەیشتوونەتە رێکەوتن.

964 دەقی رێکەوتنەکە وەک خۆی بڵاو دەکاتەوە کە بڕیارە لەناو هۆڵی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.

بودجەکە بە گەورەترین بودجەی مێژووی عێراق دادەنرێت کە پاکێجی بودجەی سێ ساڵ بەیەکەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە و هی ئەمساڵ 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینارە.

لەو بڕە پشکی هەرێمی کوردستان 14 ترلیۆن و 842 ملیار دینار زیاترە کە دەکاتە 12.67%ـی کۆی بودجەکە، لەگەڵیشدا 276 ملیار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و 62 ملیۆن دۆلار پشکی هەرێمی کوردستان لە قەرزی دەرەکی و زیاتر لە ترلیۆنێک و 428 ملیار دینار کرێی گواستنەوەی نەوتە کە کۆی گشتی دەکاتە 16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار.

عتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە کە رێکەوتن کراوە لەسەر کێشە و ناکۆکییەکانی بەردەم بودجە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ئەمشەو دەنگی لەسەر بدرێت.

دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی بە 964ـی وت، ئێستا جەڕەسی چوونە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان لێدرا بۆ دەنگدان بە بودجە.

لای خۆیەوە عودەی عەواد، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە کە رێکەوتن کراوە لە دانیشتنی ئەمشەودا دەنگ بە 15 مادەی بودجە بدرێت و سبەی هەینییش درێژە بە دانیشتنەکانی دەنگدان بە بودجە بدرێت.