12 برینداری شەڕەچەقۆ گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی
964+
رێژوان قادر – ئەحمەد مستەفا
لە گەڕەکی چوارباخی سلێمانی شەڕەچەقۆ لە نێوان “قەرەجەکان” روویداوە، 12 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شار.
قەرەجەکان دەربڕینێکە خەڵکی بە گشتی بەو کەسانە دەڵێن کە سەرقاڵی سواڵکردنن لە ترافیکەکان و بەشێکیشیان کلێنس و بنێشت دەفرۆشن.
شوێنی نیشتەجێبوونیان بە زۆری دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای سلێمانی لە نزیک کانی گۆمە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، پێش کەمێک ئەو شەڕە چەقۆیە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوانیان روویداوە و تا ئێستا شەش کەس بریندارن و 18 کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
هەروەها سامان نادر، بەڕێوەبەری یەکەی فریاکەوتن لە تەندروستی سلێمانی بە 964ی وت، “قەرەجەکان لەناو خۆیاندا بووە بە شەڕیان و 12 برینداریان گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شار کە ھەموویان برینی چەقۆ بوون”.
بەپێی زانیارییەکانی 964، شەڕەکە تەقەیشی تیادا بووە و دووان لە بریندارەکان بە فیشەک لێیاندراوە.
زانیاری هات
سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بۆ 964:
“ژمارەیەک لە بریندارەکان، پاش چارەسەرکردن ئێستا نەخۆشخانەی شاریان جێھێشت کە بە دار و بۆکس بریندارببوون، ژن و منداڵیشیان تێدایە”.
لەبارەی بوونی برینی فیشەک ئەو وتی، “تەنیا دوو کەسیان برینی فیشەکیان ھەیە و ژیانی کەسیان لەژێر مەترسی نەماوە و فیشەکەکان تیخی کردووە”.
“خۆم ئێستا بەدیار بریندارەکانەوەم، ئەوەی پێویست بێت لە چارەسەری تەندروستی بۆیان دەکرێت و تا شەو لە نەخۆشخانەی شار نامێنن”.
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رەتیدەکاتەوە، ھیچ بریندارێکیان بە چەقۆ پێکرابن، ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر، سامان نادر بەڕێوەبەری یەکەی فریاکەوتنی سلێمانی بە 964ی وت، “زۆرینەیان برینی چەقۆیان پێوە بووە”.
لەبارەی ھۆکاری رووداوەکە سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە 964ی وت، “لەسەر فرۆشتنەوەی شوێنی ترافیک شەڕەکە روویداوە کە کانگای فرۆشی خۆیانە”.
سەرچاوەکە ئەوەشی وت، “بەشێک لە بریندارەکانیش و ھەندێک تۆمەتباری دیکە ھەن دەستگیردەکرێن، جگە لەو 18 کەسەی لە سەرەتای رووداوەکە دەستگیرکراون”.