شەش رۆژ بوو گیریان خواردبوو

80 کۆچبەری ئێزدی لە نزیک سنووری تورکیا رزگار کران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

پۆلیسی یۆنان 91 کۆچبەری لە نزیک رووباری ئیڤرۆس رزگار کرد، کە زۆربەیان کوردی ئێزدین و ماوەی شەش رۆژ بوو لەوێ گیریان خواردبوو.

رۆژی یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی یۆنان بە ئەسیۆشەیتدپرێسی وتووە، کۆچبەرەکان پێکهاتوون لە 32 پیاو، 25 ژن و 34 منداڵ.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە 964ی وت، نوێنەرایەتی دەزگاکەیان ئاگادارکردووەتەوە کە لە رەوشی ئەو کۆچبەرانە بپرسنەوە و سۆراغیان بکەن.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی یۆنان، لە راگەیەندراوێکدا رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی پشتراستکردەوە، بەڵام دەڵێت ژمارەیان 80 کۆچبەر بووە.

هەر لەسەر رەوشی ئەو کۆچبەرانە، موراد ئیسماعیل، هاودامەزرێنەری رێکخراوی یەزدا، لە تویتەر رایگەیاند، “لەگەڵ چەند سەرچاوەیەک لە یۆنان قسەم کردووە و پێیان راگەیاندم بەرپرسانی یۆنان ئێزدییەکانیان لە دوورگەکە گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی یۆنان”.

بە وتەی موراد ئیسماعیل، کۆچبەرەکان ژمارەیان زیاتر لە 80 کەسە و هەموویان کوردی ئێزدین.