"نەخۆشخانەکە لەگەڵ داخستنیدا جیاوازی نییە"

نەخۆشەکان بەبێ دەرمان رۆیشتنەوە ماڵەوە

+964
میلاد جەلال-گەرمیان

ئەمڕۆ شەممە ھاوڵاتیان لە مەڵبەندی تەندروستیی گەرمیان لە ناحیەی رزگاری بۆ وەرگرتنی دەرمان سەرەیان گرتبوو، بەڵام بەھۆی نەبوونی دەرمان بەبێ وەرگرتنی چارەسەر گەڕانەوە ماڵەوە.

تۆڕی 964 زانیویەتی لە مانگی 12ی ساڵی پارەوە ھیچ بڕە دەرمانێک بۆ نەخۆشخانەکە دابین نەکراوە.

تەنانەت حەبی پاراستۆڵ لە نەخۆشخانەکە بوونی نییە، کە سادەترین چارەسەرە، ھاوڵاتیان ھەموو رۆژ بەبێ وەرگرتنی دەرمان دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی گەرمیان وای وت.

د.عەدنان ئەحمەد بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی گەرمیان لە ناحیەی رزگاری بە تۆڕی964ى وت، “نەخۆشخانەکە لەگەڵ داخستنیدا جیاوازی نییە، چونکە ھیچ جۆرە چارەسەرێک لە نەخۆشخانەکەدا بە نەخۆش نادرێت”.

ئاماژەی بەوەش کرد”کە دەرمانیشمان بۆ دابین دەکرێت ماوەی بەسەرچوونی نزیکە و ناتوانن سوودی لێوەرگرن، ھیچ کەسێکیش خەمی گرفتەکان ناخوات”

ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 37 ھەزار کەس دەبێت و دوو مەڵبەندی تەندروستی تێدایە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا