پردی 15 گوند مەترسی رووخانی لەسەرە

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

پردی نێوان گوندی قەرەچەم و ناحیەی باوەنوور لە گەرمیان بەھۆی ئەوەی تێکەڵە و جەرمووتی زۆر لەژێر لایەکی کۆبووەتەوە و لایەکەی تری فشاری ئاوی لەسەرە و مەترسی لەسەر پایەکانی دروستکردووە، ھاتوچۆکردن بەسەریدا مەترسیدارە.

پردەکە لەلایەن کارگەیەکی چەو و لمی سنورەکە لە ساڵی 2005 دروستکراوە، بەھۆی باران و لافاو لە ساڵی 2015 رووخاوە، دووبارە لە ساڵی 2016 نۆژەنکراوەتەوە.

لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 1.6.2023ـەوە تابلۆیەک لەسەر پردەکە ھەڵواسراوە و شۆفێران لە مەترسی ھاتوچۆکردن بەسەریدا ئاگاداردەکاتەوە.

زۆراب وەھاب خاوەنی کارگەی چەو و لمی قەرەچەم کە پردەکەیان دروستکردووە، بە 964ى وت، ”ماوەی نزیکەی دوو ساڵە کارگەکانمان داخراوە و کێشەی پردەکەش ئەوەیە هیچ چاکسازیی و نۆژەنییەکی بەخۆیەوە نەبینیوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری نەکەن ئەوا ناچارن پردەکە دابخەن بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی ھیچ کەسێک دروست نەبێت.

پردەکە ھاتوچۆی 15 گوندی لەسەرە و رۆژانە دانیشتووانیان بە مەبەستی ھاتوچۆکردن بەکاریدەهێنن.