رووداوەکە لە گەرمیان بووە
کەسێک بە ماتۆڕەوە کەوتە جۆگەیەکی ئاوەوە و خنکا
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو کەسێک لە گوندی قەرەبڵاغی کۆن لە ئیدارەی گەرمیان بە ماتۆڕێکەوە کەوتووەتە ناو جۆگەیەکی ئاو و خنکاوە.
کەسەکە پاسەوانی حەوزی ماسی بووە و لە کاتی چوونی بۆ سەر کارەکەی تووشی ئەو رووداوە بووە.
“کاتژمێر 12 ئاگادار کراین و کاتژمێر 12:30 خولەک کەسەکە بە خنکاوی لە جۆگە ئاوەکە دەرهێندرا”، ئەمە وتەی ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیانە بۆ 964.
وتیشی، “جۆگەی ئاوەکە زۆر گەورە نەبووە بەڵام نازانین ئاخۆ لەکاتی کەوتنەکەدا بووراوەتەوە یان زیانی تری بەرکەوتبێت”.
ئەو کەسە تەمەنی 62 ساڵ بووە و خێزاندارە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کەلار کراوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد