فه‌تواى هه‌رێم: ئه‌وكاته‌ى گه‌نم دروێنه‌ كرا پێویسته‌ زه‌كاتى لێبدرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى فه‌تواى هه‌رێم ده‌ڵێت، ئه‌وكاته‌ى گه‌نم دروێنه‌ كرا، پێویسته‌ راسته‌وخۆ زه‌كاتى لێبدرێ، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، به‌بێ هۆكار دواخستنى زه‌كات خاوه‌ن گه‌نمه‌كه‌ گوناهبار ده‌كات.

حوسێن پشده‌رى، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى فه‌تواى هه‌رێم، به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌وكاته‌ى كه‌ گه‌نمه‌كه‌ دروێنه‌ كرا، پێویسته‌ زه‌كاتى لێبدرێت.

وتیشی “خوداى گه‌وره‌ له‌ قورئانى پیرۆز ده‌فه‌رموێت (وآتُوا حَقَّهُ يَوْمَ حَصادِهِ) كه‌واته‌ نابێت ئه‌و زه‌كاتدانه‌ دوابكه‌وێت، مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى زه‌كاته‌كه‌ى پێده‌درێت ره‌زامه‌ندبێت له‌سه‌ر ئه‌و دواكه‌وتنه‌، ئه‌گینا دواخستنى به‌بێ هۆكار، خاوه‌ن گه‌نمه‌كه‌ گوناهبار ده‌كات”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ شه‌رعییه‌كانه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌، بڕی ئەو زەکاتەی له‌ گه‌نم دەبەخشرێت، بەپێی زەوییەکە دەگۆڕێت .

ئه‌و زه‌وییه‌ى کە بە باران یان کانی یان رووبار یان لە رێگای رەگەکانیەوە ئاو دەدرێت بەبێ ئەوەی پێویست بە خه‌رجی بکات، ئەوا زه‌كاتدانى به‌رهه‌مى ئه‌و گه‌نمه‌ یەک لە دەیە واتا 10%.

واتا بۆ یه‌ك تۆن گه‌نمیش 100 کیلۆگرام زەکاتى لێده‌كه‌وێت .

ئه‌و زەوییانه‌ى بەراون، کە لە رێگای ماتۆر و کرێکار و خه‌رجی لێده‌كرێت ئاو دەدرێت، ئەوا زه‌كاتدانى به‌رهه‌مى ئه‌و گه‌نمه‌ بڕی یەک لە بیست  واتا 5% ده‌بێت.

واتا  بۆ یەک تۆن 50 کیلۆگرام زەکاتى لێده‌كه‌وێت.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ى گه‌نمه‌كه‌ى لێ چێندراوه‌، زەوییه‌كى تێکەڵ بێت نیوەی بە باران و نیوەشی بە خه‌رجییه‌وه‌ ئاودرابێت، ئەوا زه‌كاتدانى به‌رهه‌مى ئه‌و گه‌نمه‌، یەک لە پازەیە واتا 7.5% ده‌بێت.

واتا  لە یەک تۆن گه‌نم 75 کیلۆگرام زه‌كاتى لێده‌كه‌وێت.