لۆگۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
“نەزاهەى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى ماستەر و دکتۆرا هێڵى سوورە”
964+
فەرمان سادق
لەسەر پرسی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستی بۆ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا، وەزیری خوێندنی باڵا دڵنیایی دەداتە خوێندکاران و دەڵێت: با ئەو پەیامە بە روونی بگات نەزاهەى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى ماستەر و دکتۆرا هێڵى سوورە.
د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەی دوا قۆناغی ئامادەکارییەکانی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی باڵا رایگەیاند کە بەوپەڕى لێپرسراویەتى کار دەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافیەت و بێ لایەنى لە جێبەجێکردنى پرۆسەکەدا.
وتیشی “پاراستنى نەزاهەى تاقیکردنەوەکانى خوێندنى باڵا (دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمى باڵا)، هێڵى سوورە”.
قسەکانی وەزیری خوێندنی باڵا، لە کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ بریکارى وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى کە ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامی داوە.
د. ئارام محمد قادر دەشڵێت: لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچون و سکاڵاکان دەستکراوەن لە رێگریکردن لە مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و نادادپەروەری.
زیاتر وتیشی “هەر سەرپێچی و پێشێلکاری و دەستوەردانێکی نایاسایی و بەدەر لە رێنماییەکان، ئەنجامدەرانی رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە”.