سوپای عێراق: لەگەڵ پێشمەرگەدا 27 حەشارگە و تونێلى داعشمان دۆزیەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دوو رۆژەدا، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق 25 حەشارگە و دوو تونێلی داعشیان دۆزییەوە.

شانەى ئەمنىی عێراق ناوی لە ئۆپەراسیۆنەکە ناوە “شمشێرەکانى حەق”، کە لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی نێوانیان ئەنجامدراوە.

بە پێی راگەیەندراوێکی شانەی ئەمنیی عێراق، کە یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە قۆناغی پێنجەم بووە و رۆژانى 27-28 ى ئایار لە کەرکوک، قەزاى خورماتوو و پارێزگاى دیالە ئەنجامدراوە.

هەندێک تەقەمەنیش دۆزراونەتەوە، کە پێکهاتوون لە حەوت بۆمبی چێندراو، گولـلە هاوەنێکی 25 ملیم، هەروەها خاڵێکى چاودێری و ماتۆڕسکیلێکیش تێکشکێندراون.

هەر دوێنێ وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەگەڵ سوپای عێراقدا، نزیکەی 10 ناوچەیان لە داعش پاكکردووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە وتی، ئەو ناوچانەی پاککراونەتەوە، دەکەونە سنووری گەرمیان و خانەقین وەک، زینانە، خوارووی کفری، قۆری چای، کانی شرینکە، غەڕە، پەڵکانە، قەرەبڵاغ، دوانزە ئیمام، کوڵەجۆ تا نزیک قەڵا.