دیمەنی پاش کوژاندنەوەی ئاگرەکە. وێنە: Social Media
10 دۆنم گەنمی جوتیارێکی گەرمیان سووتا
964+
هونەر فارس
ئەو ئاگرەی لە سنوری ناحیەی مەیدان لە گەرمیان کەوتەوە کۆنترۆڵکرا، بەڵام بووە هۆی سووتانی 10 دۆنم گەنمی جوتیارێک، بە وتەی کشتوکاڵی دەربەندیخان.
ئاگرەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28.5.2023، لە گوندی تۆپخابە لە ناحیەی مەیدان کەوتەوە و جگە لە سووتانی گەنم بەشێکی زۆر لە پوش و پاوان و جاڕی دانەوێڵەی سوتاندووە.
لەبەر بەهێزی ئاگرەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەی مەیدان و پێباز و قەزای دەربەندیخان، لەگەڵ جوتیار و گوندنشینانی ئەو سنورە هاوکاربوون لە کوژاندنەوەی.
بە وتەی ئیبراهیم محەمەد وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان بۆ 964، “لە ئێستادا ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە”.
ئەمجەد ئەسحەد بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دەربەندیخانیش بە 964ی وت، ئاگرەکەی ئەمڕۆ زیاد لە 10 دۆنم گەنمی جوتیارێکی سووتاندووە و زەرەری زۆریشی لە پوش و پاوان و جاڕی ئەو زەویانە گەیاندووە کە گەنمەکانیان دروێنەکراوە و دەبنە سەرچاوەی خواردنی ئاژەڵ.