ئەڤین بە 58 چرکە گەیشتە ریزی هەڵبژاردەی عێراق
964 +
یادگار محەمەد – سلێمانی
کچە یاریزانێکی کورد لە پاڵاوتنی گۆڕەپان و مەیدان بە کەمترین ماوە گەیشتە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
لە رۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگە، لەسەر یاریگای جادریە لە شاری بەغدا و لە قۆناغی پاڵاوتنی گۆڕەپان و مەیدانی یاریزانان بە مەبەستی گەیشتن بە ریزی هەڵبژاردەی عێراق, ئەڤین سەعید کچە پاڵەوانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە پێشبڕکێی 400 مەتردا ئەنجامێکی گەورەی بەدەستهێنا، کاتێک ماوەکەی تەنها بە 58 چرکە بری و بەو شێوەیەش گەیشتە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
نزار ئەکرەم، راهێنەری کچانی یانەی پێشمەرگە لە شاری بەغداوە تایبەت بە 964ـی راگەیاند، وەک تیمی یانەی پێشمەرگە ماوەیەکی زۆرە خۆیان بۆ ئەم پاڵاوتنە ئامادە دەکەن، بەڵام ئەو ئەنجامەی کە ئەڤین بەدەستی هێنا، بووە جێگەی سەرسوڕمانی هەموو ئامادەبووی پاڵاوتنەکە، چونکە ژمارەیەکی قورسە کە بەدەستی بهێنیت.
بڕیارە لە رۆژانی 20 تا 24ی مانگی حوزەیران لە شاری ریباتی وڵاتی مەغریب، پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی عەرەب لەسەر ئاستی پێشکەوتوان بەڕێوەبچێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی