پارێزگاری بانکی ناوەندی چوار پڕۆژەی دارایی نوێی راگەیاند

964+

فەهمی نەبی

پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆنفرانسی ساڵانەی بانکە عێراقییەکان کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، چوار پڕۆژەی دارایی راگەیاند، دوو لەو پڕۆژانە پەیوەندییان بە پێدانی قەرز بە هاوڵاتیان هەیە.

ئەمڕۆ شەممە لە بەغدای پایتەخت کۆنفرانسی بانکە عێراقییەکان بەڕێوەدەچێت، بڕیارە دوو رۆژ بەردەوام بێت.

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، بانکێکی پێشەنگ دادەمەزرێنن بۆ پێدانی قەرزی بچووک بە هاوڵاتیان، لەگەڵ ئەوەدا کۆمپانیایەک دادەمەزرێت بۆ دەستەبەرکردنی قەرز، هاوکات سەنتەرێکی دارایی لە بەغدا دەکرێتەوە لەگەڵ پڕۆژەی چاکسازی لە بانکە حکومییەکان.

ساڵانە لە بەغدای پایتەخت کۆنفراسنی بانکە عێراقییەکان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمساڵ بەرنامەی کاری کۆنفرانسەکە تاوتوێی ئەو چاکسازییانە دەکات، کە لە بانکی عێراقی هاتوونەتە کایەوە، هاوکات پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی بانکیی عێراق و ئەو رۆڵەی کەرتی بانکیی عێراق لە گەشەپێدان دەیبینێت.