"موچەی پاشەکەوتکراو بدرێتەوە"

وردەکارییەکانی مادەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە

964+
ژووری هەواڵ

بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند بڕگەیەک بۆ مادەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی زیادکرا، یەکێک لە بڕگەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە پێدانەوەی موچەی پاشەکەوتی فەرمانبەرەکانی.

مادەی 14 چی تێدایە؟
لە پرۆژەیاساکەدا، مادەی 13 و 14 تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، دەیان بڕگەی جیاجیا لەخۆی دەگرێت، کە زۆرینەیان باس لە رادەستکردنی کۆی داهاتی نەوت و بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان دەکەن.

شەوی رابردوو، زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی دارایی دەنگیاندا لەسەر زیادکردنی بڕگەیەک بۆ مادەی 14یەم کە تیایدا هاتووە، “حکومەتی هەرێم پابەند بکرێت بە پێدانەوەی پاشەکەوتی موچە بە رێژەی %10ی مانگانە بە فەرمانبەرەکانی”.

مانگانەی %10ی پاشەکەوتی موچە بدرێتەوە

بەڵام ئەمە هێشتا لە پەرلەمانی عێراق دەنگی کۆتایی لەسەر نەدراوە.

گۆڕانکارییەکان زیاترن
دانەوەى پاشەکەوتى موچە، رێگرى لە دەرهێنانى نەوتى کەرکوک و نەینەوا، دەرفەتدان بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى پشکەکانیان لە بەغدا، لە دیارترین گۆڕانکارییەکانن، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنى نەوتەکەى بە کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی و بەڕێوەبردنى دەروازە سنوورییەکان بە هاوبەشی.

لە خاڵى یەکەمى بڕگەى دووەمی مادەی 13، ناوى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) زیادکراوە، لەبرى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک لایەنى بەرپرس لە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە داڕشتەى پێشوودا هەبوو، ئەوە جگە لەوەى دەسەڵاتى بە کۆمپانیاکە داوە بە بەکارھێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ پێداویستى ناوخۆ لەلایەن ئەو پاڵاوتگانەى کە وەزارەتى نەوت گرێبەستى لەگەڵدا کردوون.

سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتە بازاڕەوە

هەروەها لە خاڵى سێیەمى بڕگەى دووەمى مادەکەدا دەستەواژەیەکى دیکە زیادکراوە کە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان بەستراوەتەوە بە پەیوەستبوونى دوو خاڵى یەکەم و دووەمى بڕگەى دووەمى مادەى 13.

گۆڕانکارییەکى دیکە، ماوەى دانەوەى قەرزەکانى بانکى بازرگانیى عێراق و بانکە ناوخۆییەکانى دیکەیە لەسەر هەرێمى کوردستان، کە لە حەوت ساڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ پێنج ساڵ، ئەو قەرزە لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت.

کێ بڕیار لە موچەی هەرێم دەدات؟
لە بڕگەى یەکەمى مادەی 14دا ئەوە زیادکراوە کە هەژمارى بانکیی داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بانکى ناوەندى دەبێت و لەبرى سەرۆک وەزیرانى عێراق، وەزیرى دارایی حکومەتى عێراقى دەسەڵاتى پێدراوە بۆ ئەوەى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان سەرپشک بکات بە خەرجکردنى پارەکە.

بڕیاری ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لای وەزیری دارایی عێراق دەبێت

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو دەسەڵاتە لەلایەن سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە دەدرایە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

کێ چاودێری داهاتی نەوتی کوردستان دەکات؟
لە بڕگەى دووەمى مادەی 14 هاتووە، ئەرکى وردبینیکردن لە هەژمارى بانکى داهاتی نەوتى هەرێمى کوردستان بە دیوانى چاودێرى دارایی و وەزارەتى نەوتى عێراق بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێرى دارایی و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان سپێردراوە.

ئەوەش هاتووە، ئەگەر بەو شێوەیە ئەو کارە نەکرا پاشان پەنا بۆ کۆمپانیایەکى تایبەتمەندى نێودەڵەتى ببەن لەکاتێکدا داڕشتەى پێشووى مادەکە راستەوخۆ کۆمپانیا بیانیەکەى بۆ وردبینی سەرپشک کردبوو.

هەرێم فەرمانبەرەکانی رادەستی بەغدا دەکات
بڕگەیەک بۆ پڕۆژەیاساکە زیادکراوە کە پێشتر نەبووە، حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیوەست بکرێت بەوەى ژمارەى فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و پلە وەزیفییە پڕکراوە و بەتاڵەکانیان رادەستى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى بکات.

بودجەی راستەوخۆ بۆ پارێزگاکان
بڕگەیەکى دیکە بۆ مادەى 14 زیادکراوە بەوەى دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشینەى کارەکانى بۆ خەرجکردنى پشکەکەى بۆ موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان بێت و دادپەوەروەرانە شایستەى دارایی پارێزگاکانى دابەش بکات، بەپێچەوانەوە ئەو پارێزگایەى هەرێمى کوردستان کە رازی نییە لە پشکەکەى و تانەى لێدەگرێت، پارەکەى لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و بەشێوەیەکى راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکە.

هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان رازی نەبێت بودجەکەی بە جیا بۆ دەنێردرێت

نەوتی کەرکوک و نەینەوا لەگەڵ دەروازەکان
بڕگەیەکى دیکە بۆ مادەى 14 زیادکراوە بەوەى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى ناچار دەکرێن رێگرى بکەن لە دەرهێنانى نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و نەینەوا لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە.

یەکێکى دیکە لە بڕگە زیادکراوەکان ئەوەیە کە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى بە هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان بەڕێوەببەن.