گواستنەوەی سلێمانی: لەگەڵ تاکسی بێ لۆگۆ سەرنەکەون
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێدانی لۆگۆی تاکسی، شوێنی مامەڵەی راییکردنی لۆگۆ بەرناکەوێت، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت، هەر تاکسیەک لۆگۆ پێوە نەبوو لەگەڵی سەرمەکەون.
بڕیاری لێدانی لۆگۆ لە تاکسی لە ساڵی 2019 -ەوە هەیە، بەڵام بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ هەر تاکسیەک تا 15.7.2023 لۆگۆی پێوە نەبێت 40 هەزار دینار سزا دەدرێت.
سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بۆ 964 وتی، “بەر لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ رۆژانە 10 تاکسی دەهات بۆ لۆگۆ لێدان، بەڵام ئێستا رۆژانە 50 تاکسی دێن و فشارێکی زۆرمان لەسەر دروستبووە”.
بەگوێرەی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی، ژمارەی ئەو تاکسیانەی لۆگۆیان لێدراوە گەیشتوەتە 14 هەزار و 300 تاکسی، ئەمە لە کاتێکدایە 27 هەزار تاکسی لە پارێزگای سلێمانی هەیە، لەو ژمارەیە 21 هەزاریان فۆرمی لۆگۆی تاکسیان وەرگرتووە و ئەوانەی دی نەهاتوون بەلایەوە.
“داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لەگەڵ ئەو تاکسیانە سەرنەکەون کە لۆگۆیان پێوە نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەندێکیان پێشینەی تاوانیان هەیە” سدیق محەمەد ئەمەی وت.
ئەو بەڕێوەبەرەی گواستنەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکات لەبەردەم تێرمیناڵەکان لەگەڵ ئەو تاکسیانە گەشت بۆ دەرەوەی شارەکان نەکەن کە لای گواستنەوەی سلێمانی تۆمار نەکراون، چونکە لەکاتی روودانی هەر رووداوێک ناتوانرێت هیچیان بۆ بکرێت.
بەپێی زانیاریەکان هێشتا هیچ بڕیارێک نییە بۆ پێدانی لۆگۆ بەو تاکسیانەی رانگیان سوور و سپییە کە ژمارەیان 500 تاکسیە لەشاری سلێمانی.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی