سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان سەلامەتە

964+

هونەر فارس- دەربەندیخان

تەقە لە شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان کراوە و خۆی سەلامەتە، ئەمە بە وتەی ئاسایشی دەربەندیخان.

ئەمڕۆ 24.5.2023 لە بەردەم ماڵەکەیدا تەقە لە ئۆتۆمبیلی عوسمان عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان کرا و تەقەکەرەکە هەڵهاتووە.

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی دەربەندیخان بە 964ی راگەیاند: زیاد لە 10 فیشەک بەر ئۆتۆمبیلی سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان کەوتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی تەقەکاندا سەرۆکی شارەوانی خۆی لە نێو ئۆتۆمبیلەکەیدا نەبوە و جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی نەبووە.

وتیشی: تا ئێستا هۆکاری تەقەکردنەکە نەزاندراوە و تەقەکەرەکە دەستگیر نەکراوە.

سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان، لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، بەڵام شوێنی حەوانەوەی لە گەڕەکی هەوارەبەرزەیە لە قەزای دەربەندیخان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا