"برینی یەکێکیان سەختە"
حەوت کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
حەوت کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەوی رابردوو بریندار بوون، بە قسەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو برینی یەکێکیان سەختە.
رووداوەکە لە بەرزاییەکانی نزیک شاری نەوسود بووە، کە سەر بە پارێزگای کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
رێکخراوەکە، کە تایبەتە بە چاودێری مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 23.5.2023 بڵاوی کردووەتەوە، لە بریندارەکان ناسنامەی چوار کۆڵبەریان ئاشکرا کراوە و خەڵکی شاری پاوەن.
هەمان شەو سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون، بەڵام ناسنامەیان بۆ رێکخراوەکە ئاشکرا نەبووە کێن و خەڵکی کام شارەی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
بە پێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، ساڵی 2022 زیاتر لە 244 کۆڵبەر برینداربوون و 46ی دیکەشیان یان بە هۆی هەڵدێرانەوە مردوون یان کوژراون.