هه‌ڵه‌بجه ده‌خرێته سه‌ر نه‌خشه‌ى گوگڵ ماپ
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بۆ یەکەمین جار گەشەپێدانی نەخشەیی بۆ سنووری شارەوانیەکانى هه‌ڵه‌بجه لەسەر گوگڵ ماپ google map ئەنجام دەرێت و به قسه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى بیاره‌ش، ئه‌م پرۆسه‌یه پێویستیەکی سەردەمیانەیە و ئاسانکاریی دەکات بۆ هاوڵاتیان و فەرمانگە حکومییەکان و ته‌واوى لایه‌نه‌كانى دیکە.
زانا حهمەشهریف سه‌عید، سەرۆکی شارەوانیی بیارە، چه‌ند خاڵێكی له باره‌ى گرنگیى ئه‌و پڕۆژه‌یه بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، كارهکە دەبێتە ژێرخانێکی ئەرشیفی و بەڵگەیی گەورە بۆ ئێستا و داهاتووى هه‌ڵه‌بجه.
پێیوایه، بە ناونیشانکردنی سنووری شارەوانییەکان لەسەر نەخشەی گوگڵ ماپ، ئێستا پێویستییەکی گرنگی سەردەمیانەیە بۆ هەموو شارێک ئاسانکاری دەکات بۆ هاوڵاتیان و فەرمانگە حکومییەکان و کۆمپانیاکان لە کوردستان و جیهان.
هه‌ر له رێگه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه ده‌تواندرێت بینینی شەقامەکان street view لەسەر نەخشەی گوگڵ ماپ بۆ تەواوی شەقام و کۆڵانەکان، تۆمار بكرێت و سەرجەم هاوڵاتیان لە هەرکوێ بن پێشوەختە سوودمەند دەبن لە بینینی ئەو شوێنەی، کە بیانەوێت سەردانی بکەن.
هاوكات بۆ دروستکردنی ماستەرپلان و گەشەپێدانی سنووری شارەوانی، گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و لە رووی گەشتیاریشەوە سوودێکی زۆر گرنکی هەیە بۆ بینینی شوێنە گەشتیارییەکان و ئاشنا بوون پێیان.
سه‌رۆكى شاره‌وانیى بیاره دەڵێت، ئه‌وه بۆ یەکەمجارە کارێکی لەم جۆرە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت و كاره‌كه‌ش لە ژێر رێنمایی و چاودێری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە ئه‌نجام ده‌درێت.