بودجەکە نزیکەی 200 ترلیۆن دینارە
دووشەممە دەنگ لەسەر بودجەی عێراق دەدرێت
964+
هێمن بەکر
رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی.
موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەمەی راگەیاند.
لە پرۆژەکەدا، بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بە بڕی نزیکەی 200 ترلیۆن دینار دیاریکراوە. ئەوە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا کە نێردرابێتە پەرلەمان.
پشکی هەرێمی کوردستان چەندە؟
پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی سەدا 12.67 دیاریکراوە لە کۆی بودجەی عێراق، کە دەکاتە نزیکەی 16 ترلیۆن دینار بۆ سێ ساڵی داهاتوو.
حکومەتی عێراق کاتێک ئەو پشکە دەنێرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی رادەست بکات، مانگی رابردوو هەردوولا لەسەری رێکەوتن.
پێشتر، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە 964ی وتبوو، رەنگە لە نێوان 15 بۆ 20ی ئایار، پەرلەمان دانیشتن بکات و تیایدا دەنگ بدرێت لەسەر پەسەندکردنی کۆتایی بودجەکە.
نرخی نەوت بە چەند دانراوە لە بودجەدا؟
لە پرۆژەکەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریکراوە.
لەوبارەیەوە، جەمال کۆچەر بۆ 964ی باسکرد، نرخی نەوت لە بودجە دەستکاری ناکرێت، چونکە ئەگەر هەر دەستکارییەک بکرێت “دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر”.
بە وتەی ئەو، ئەگەر نرخی نەوت زیاتر دابەزێت و کۆی گشتی داهات کەمتر بێت لەوەی دیاریکراوە، ئەوا کار لە بودجەی هەرێمیش دەکات و رێژەی ئەو پارەیەی دەنێردرێت کەمدەبێتەوە، بەڵام پشکی 12.67 جێگیرە و دەستکاری ناکرێت.
ئەی ئەگەر پەرلەمان نەیتوانی بە زووی پەسەندی بکات؟
بە سۆراغی 964، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە پرۆژە یاساکە پەسەند نەکرێت، ئەوا پەرلەمانی عێراق لە دوو مانگی پشووی هاوینەیدا بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوە بە ئامانجی پەسەندکردن.
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقدا، ماوەی نێوان 1ی حوزەیران تاوەکو 1ی ئابی هەموو ساڵێک وەکو پشووی هاوینە دیاریکراوە.