لە هەرێمی کوردستان
هەورەبروسکە زیاتر لە 120 دۆنم دەغڵودانی سووتاندوە
964+
فەهمی نەبی
لە ماوەی ئەمساڵدا، لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هەورەبروسکەوە زیاتر لە 120 دۆنم زەوی کە دەغڵودانی لێچێنراوە سووتاوە.
964 بەدواداچوونی کردووە بۆ رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە بەهۆی هەورەبروسکە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
پارێزگای کەرکوک زۆرترین رووبەری زەوی دەغڵودانی سوتاوە
قەیس عەبدولڕەزاق، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکوک بە 964ی وت، ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی لە سنووری پارێزگای کەرکوک تۆمارکراوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە سنووری حەسار و مریەم بەگ زیاتر لە 75 دۆنم دەغڵودان سووتاوە، دوێنێ هەینی لە گوندی عەلی سەرای قەزای داقوق، بەهۆی هەورەبروسکەوە رووبەری زیاتر لە 25 دۆنم زەوی دەغڵودانی جووتیاران سووتاوە.
گەرمیان بێ زیان نەبوو
ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژی بەرگرتی شارستانیی گەرمیان بۆ 964 وتی، “ماوەی پێشوو بە هۆی هەورەبروسکەوە لە هەریەکە لە ناوچەکانی گردەگۆزینە و ئاوی سەوزبڵاخ 10 دۆنم دەغڵودان سووتابوو، بەڵام دوێنێ هەینی دوو رووداوی ئاگر کەوتنەوە هەبووە”.
بە وتەی ئەو رووداوی یەکەم لە گوندی هۆمەرمرد بووە، بارهەڵگرێک کە 11 تۆن گەنمی بارکردبوو، گڕی گرتووە و بەهۆیەوە بارهەڵگرەکە و گەنمەکە بەیەکەوە سووتاون، بەڵام ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی هەورەبروسکەوە نەبووە، رووداوی دووەم، لە گوندی سەید خەلیل بوو بەهۆی هەورەبروسکەوە چوار بۆ پێنج دۆنم دەغڵودان سووتاوە”.
پێشتر بەرگریی شارستانیی گەرمیان رایگەیاندبوو لە 9.5.2023 تەنیا لەماوەی یەک رۆژدا پێنج رووداوی ئاگر کەوتنەوە هەبووە، بەڵام زیانیان نەبووە.
چەمچەماڵ بێ زیان بووە
عەمید لوقمان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی چەمچەمال بۆ 964 دەڵێت، لە سنووری چەمچەماڵ هیچ ئاگرێک بەهۆی هەورەبروسکە نەکەوتووەتەوە.
لە پارێزگای هەولێر هەورە بروسکە تەنیا لە دەغڵودانی کۆیەی داوە
لە سنووری قەزای کۆیە، رۆژی 19.5 بەهۆی هەورەبروسکەوە ئاگر لە زەوییەکانی گوندی بۆگد و کانی لەلە کەوتەوە، بە وتەی عەمید گۆران ئەحمەد سماقە بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە، زیانەکانی تەنیا سووتانی چەند پارچە زەوییەکی کەم بووە و زوو کۆنتڕۆڵکراوە.
سلێمانی سەلامەتە
بە پێی بەدواداچوونی 964 لە پارێزگای سلێمانی هیچ رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی هەورەبروسکە تۆمارنەکراوە.
لە پارێزگای دهۆک تەنیا کارگەی کارتۆن سووتاوە
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، رۆژی هەینی، بە هۆی هەورە بروسکەوە ئاگر لە کارگەیەکی کارتۆن کەوتەوە و بەهۆیەوە بەشێکی کارگەکە سوتاوە.
رۆژی چوارشەممە 18.5 بەهۆی هەورەبروسکە لە گوندی نەورۆز و داربەسەرەی سەربە ناحیەی قادر کەرەم ئاگرێک کەوتبووەوە، بەڵام هێشتا نازانرێت بەو هۆیەوە چەند دۆنم دەغڵودان سوتاوە.