لە پێنج رۆژدا دوو جار دەچێتە بەغدا
964+
هێمن بەکر – هەولێر
ئەمڕۆ جارێکی تر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، ئەوە دووەم سەردانیەتی لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوو.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەردانەکەی ئەمڕۆی یەک رۆژە دەبێت و بۆ تەواوکاریی سەردانی یەکەمیەتی لە ٢٢ی ئەم مانگە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەوێ درێژە بە کۆبوونەوەکانی دەدات لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق.
رۆژی سێشەممەی رابردوو کە سەردانی بەغدای کرد، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، قهيس خهزعهلى، سهرۆكى عهسائيبى ئههلى حهق، فالح فهیياز، سهرۆكى دهستهى حهشدى شهعبى، حهيدهر عهبادى، سهرۆكى هاوپهيمانيى نهسر و هادى عامرى، سهرۆكى هاوپەیمانیی فهتح كۆبووهوه.
“بەڵام بەهۆی تەقینەوەی غاز لە شاری دهۆک کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی حەوت کەس و برینداربوونی ٣١ی دیکە، سەرۆکی هەرێم گەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لە پرسەکانیان”، بە وتەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
964+ دەزانێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆخى وڵات و گرفتەکانی ههولێر و بهغدا لەگەڵ لایەنەکانی عێراق تاوتوێ دەکات، ئەمە جگە لە باسکردن لە دابەشکردنی پۆستە وەزاری و حکومییەکانی دیکە لە کابینەی تازەی حکومەتی فیدراڵی عێراق.
ئەوانەی، بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵیان کۆببێتەوە بریتینە لە موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، قاسم ئەلئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پیشووتری عێراق، ئەبو کەڕاڕ، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی نەهجی وەتەنی و رەوتی سەدر.