هێزێکی سوپای عێراق دەیەوێت بچێتە ناو کەمپی مەخمور

964+

فەهمی نەبی

چەند رۆژێکە هێزێکی سوپای عێراق هاتوونەتە دەوروبەری کەمپی مەخمور (کەمپی کوردانی باکوری کوردستان)، بە پێی زانیارییەکان ئەو هێزانە بە بڕیاری وەزارەتی بەرگری حکومەتی عێرا‌ق لەو شوێنەن.

کەمپی مەخمور ناوە فەرمییەکەی کەمپی شەهید رۆستەم جودییە، لە ساڵی 1998 لە بناری چیای قەرەچوخ لە رۆژهەڵاتی مەخمور دروستکراوە بۆ کوردانی باکوور، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاترە لە 10 هەزار کەس.

ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەک لە یەکەی کارگێڕیی مەخمور بۆ 964 وتی “ئەو هێزەی لە دەوروبەری ئەو کەمپەن، هێزی یەکەی 14ی سوپای عێراقییە، دەیانەوێت دەسەڵاتی حکومەت لە رووی ئاسایشەوە لە کەمپەکە وەربگرنەوە”.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت “ئەو هێزە شەش ساڵە لە مەخمورن، بەڵام نزیکەی هەفتەیەکە چوونەتە دەوروبەری کەمپەکە بۆ ئەوەی لایەنی پاراستن و ئاسایشی کەمپەکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراقی”.

964 هەوڵیدا پەیوەندی بە بەڕێوەبەرانی کەمپی شەهید رۆستەم جودییەوە بکات، بەڵام بەردەست نەبوون.

ئەگەرچی کەمپەکە لە سەرەتا لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتوەکان دروستکرا، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە دەیان جار بە بیانووی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە ئەو کەمپە لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومان کراوە.