پێشتر لە پێنج گوند مەترسیان هەبوو

جووتیارە کوردەکانی ناوچە جێناکۆکەکان کێشەی گەنمیان نەماوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

جووتیارە کوردەکانی ئەو پێنج گوندەی مەترسی سووتانی گەنمەکانیان هەبوو کێشەکانیان چارەسەر کراوە و ئێستا سوپای عێراق هاوکارییان دەکەن.

دوو هەفتە بەرلەئێستا جووتیارانی گوندەکانی سەربەشاخ، گابەرەکە، خەرابە، شەنەغە و پەلکانە ترسی سووتاندنی گەنمەکانیان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ترسەیان نەماوە.

لەو ماوەیەدا بەشێک لە جووتیارە کوردەکان گەنمەکانیان پێش وادەی خۆی دروێنە کردبوو.

مونعیم عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی دوبزی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە 964ی راگەیاند، ئێستا سوپای عێراق بە بەردەوامی هاوکاری جووتیارە کوردەکان دەکات و هیچ مەترسییەک نەماوە.

هەر جووتیارێک هەست بە مەترسی بکات سکاڵا دەکات و راستەوخۆ سوپا دێتە سەرخەت و مەفرەزەی تایبەتی بۆ دەنێرن بۆ پاراستنی، ئەمەش وتەی مونعیم عەزیزە.