لە سلێمانی فەرش و موبەریدە ریزیان بە تانکەرەکانی ئاو بەستووە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی لە وەرزی هاویندا بەهۆی کەمی ئاو، ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن و ئاو بۆ موبەریدەکانیان دابین بکەن.
بەپێی ئامارەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بێت، لەناو سەنتەری شاری سلێمانی 70 گەڕەک هەیە و 190 ھەزار ھاوبەشی ئاویان هەیە.
لە سەنتەری شاری سلێمانی، 74 کاتژمێر جارێک و بۆ ماوەی دوو بۆ سێ سەعات ئاو بە هاوبەشان دەدرێت، بۆ گەڕەک و ناوچەکانی دەوروبەریش لەنێوان کاتژمێرێک و نیو بۆ دوو کاتژمێر ئاو بە هاوبەشان دەدرێت، ئەمە جگە لەو گەڕەکانەی تەنیا تانکەر سەرچاوەی دابینکاری ئاوە بۆیان.
تۆڕی 964 دەزانێت، ھەریەک لە گەڕەکەکانی راپەرین، چوارچرا و قڕگە کە لە گەڕەکە گەورەکانی سلێمانین، زۆرترین ئاوی ئەو تانکەرانەیان بۆ دەچێت.
ئێستا کە وەرزی ھەڵگرتنەوە و شوشتنی فەرش و دانانەوەی موبەریدەیە، لە بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی هاوڵاتیان ناچارن ئاو بە تانکەر بکڕن.
لوقمان ئەحمەد، یەکێکە لەو شۆفێرانەی ئاو بۆ ماڵان دەگوازێتەوە بە 964ـی وت، بەھۆکاری شۆردنی فەرشی زستانە و ناوماڵ و دانانەوەی موبەریدە، خواست لەسەر کڕینی ئاو زیادی کردووە، بەراورد بە رابردوو ئێستا رۆژانە هەشت کاروان دەکەین.
دەشڵێت: نرخی 15 بەرمیل ئاو لە بیرە حکومییەکان تەنیا چوار ھەزار دینارە، هەرچی هی بیری ئەهلییە نرخەکەی لەنێوان 10 بۆ 12 ھەزار دینارە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق