زۆنی دووەمی پرۆژەی سەر رووباری سیروان دەست بە کارەکانی دەکات
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
زۆنی دووەمی پرۆژەی سەر رووباری سیروان، مۆڵەتی کۆتایی لە ئەنجومەنی وەزیران ھاتووەتەوە و کۆمپانیای جێبەجێکار دەستبەکار دەبێت.
مارینا پرۆژەیەکی میکسە کە پێکدێت لە “گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون، پەروەردەیی، پزیشکی و وەرزشی”.
ھونەر مەحمود بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیان بە 964ى وت، “کۆمپانیای جێبەجێکار لە بەشی خزمەتگوزاری گشتی پرۆژەکە دەستبەکار بووە، فەرمانی کۆتایی دەسبەکاربونیشی لە ئەنجومەنی وەزیران گەڕاوەتەوە، لە دوای پەسەندکردنی نەخشەی ئاو و کارەبای پرۆژەکە، لەم رۆژانە کۆمپانیای جێبەجێکار لە تەواوی بەشەکانی پرۆژەکە دەست بەکارەکانیان دەکەن”.
ئەو زەویانەی دەکەونە بەر پرۆژەکە زەوی کشتوکاڵین و ژمارەیەک جوتیار خاوەنین، کۆمپانیای جێبەجێکاریش بەپێی یاسا و رێنماییەکان رەزامەندی دەربڕیووە قەرەبووی ئەو جوتیارانە بکاتەوە، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیان وای وت.
پێشتریش بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلار قسەی بۆ 964 کردبوو، “رووپێوی بۆ زەوی جوتیارەکان کراوە کە نزیکەی ١٧٠ دۆنم زەوی دەبێ دەکەونە بەر پرۆژەکە، دواتریش بەپێی رێکەوتنی نێوان کۆمپانیای جێبەجێکار و جوتیارەکان خۆیان قەرەبوو دەکرێنەوە”
رووباری سیروان بە رووبەری 2400 دۆنم زەوی، کراوە بە پێنج زۆنەوە ، زۆنی دووەم کە پرۆژەی مارینایە لەسەر رووبەری 355 دۆنم زەوی، لە قەڵای شێروانەوە دەستپێدەکات تاوەکو فلکەی ناو بازاڕ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێدەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی