حەوت پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بنەسڵاوە جێبەجێ دەكرێن

964+

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

حەوت پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە بەهای پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار لە بنەسڵاوە جێبەجێ دەکرێن.

پڕۆژەكان لەبواری دروستكردن و نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقام و دروستكردنی ئاوەڕۆ لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكانی شارۆچكەكە لە قۆناغی جێبەجێكردندان.

زریان سەباح، سەرۆكی شارەوانی بنەسڵاوە بە 964ی وت، بە بەردەوام كار لە پڕۆژەكاندا دەكرێت و سەرجەم پڕۆژەكان لە بواری خزمەتگوزاریدان كە راستەوخۆ هاوڵاتیان سوودی لێدەبینن.

وەک وەزارەتی شارەوانی بڵاوی کردووەتەوە، پڕۆژەکانی ئێستا لە قەزای بنەسڵاوە لە جێبەجێکردن دایە ئەمانەن:

1- پڕۆژەی دانانی قالبی کربستون و دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لەپێش مزگەوتی برایان لەسەر رێژەی 15%ـی داهاتی شارەوانی بە گوژمەی 80 ملیۆن دینار کە رێژەی %90ـی كارەكانی تەواو كراوە و لەلایەن شارەوانییەوە سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكرێت.

2- پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی سایدی دووەمی شەقامی سەرەکی ناو بازاڕ، سەنتەری لاوان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2022 بە گوژمەیدوو ملیار و 536 ملیۆن و 676 هەزار دینار، كارەكانی پڕۆژەكەش رێژەی 55%ـی ئەنجامدراون و لەلایەن شارەوانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

3- پڕۆژەی شەقام و ئاوەڕۆیی لوولەیی لە گەڕەکی گوڵان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2022 بە گوژمەی 631 ملیۆن دینار، رێژەی 37%ـی كارەكانی پڕۆژەكە تەواو كراوە و شارەوانی سەرپەرشتی دەكات.

4- پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی گەڕەسوور لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2022 بە گوژمەی 930 ملیۆن دینار و 655 هەزار دینار، رێژەی %70ـی كارەكانی تەواو كراوە و لەلایەن شارەوانییەوە جێبەجێ دەكرێت.

5- دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی راپەڕین لەسەر رێژەی 15%ـی داهاتی شارەوانی بە گوژمەی 70 ملیۆن دینار، رێژەی 40%ـی كارەكانی تەواوكراوە، لەلایەن شارەوانییەوە جێبەجێ دەكرێت.

6- پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی گەڕەسوور بە گوژمەی 100 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2022 و لەلایەن شارەوانییەوە جێبەجێ دەكرێت.

7- پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقام لە سنووری شارەوانی بنەسڵاوە لەسەر رێژەی 15%ـی داهاتی شارەوانی بە گوژمەی 79 ملیۆن دینار، بە رێژەی 80%ـی كارەكانی تەواوكراوە و لەلایەن شارەوانییەوە جێبەجێ دەكرێت.

قەزای دەشتی هەولێر کە سەنتەرەی قەزاکە بنەسڵاوەیە، هەریەکە لە ناحیەکانی دارەتوو، قوشتەپە و کەسنەزان لەخۆ دەگرێت، لە ساڵی 2002 بڕیاری بە قەزا بوونی دەرچووە.