بەو رێگایە ماوەی بەسەرچوونی هێلکە لە مانگێکەوە بۆ سێ مانگ زیادی بکە

964+

فەرمان سادق

وەک زانراوە هێلکە ماوەی بەسەرچوونی مانگێکە دوای خستنە بازاڕەوە، بەڵام پسپۆرێکی خۆراک دەڵێت: دەتوانی بەسەرچوونەکەی بۆ سێ مانگ درێژ بکەیتەوە.

لەم هەفتەیە سەبەتە خۆراکی رەمەزان لە شارەکانی کوردستان دەستکراوە بە دابەشکردنی کە یەکێک لە مادەکانی هێلکەیە.

ئەو هێلکەیەی لە بایەعیەکە دابەشدەکرێت ماوەی بەسەرچوونی یەک مانگە، بەو مەرجەی لە پلەی ساردی 15 بۆ 11لەناو بەفرگر هەڵبگیردرێت.

ئەندازیاری خۆراک بێریڤان ئاوات، لێپرسراوی تاقیگەی ناوەندی هەڵەبجە بە 964ـی وت، هێلکە ئەگەر لە پلەی ساردی 10 بۆ 4 پلە لەناو بەفرگر هەڵبگیردرێت، ئەوا ماوەی بەسەرچوونەکەی لە مانگێکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ سێ مانگ.

ئەو ئەندازیارەی خۆراک، داوا لە هاوڵاتیان دەکات پەلە بکەن لە وەرگرتنی هێلکەی بایەعی و هەڵگرتنی لەناو بەفرگر، دەشڵێت: گرنگی شێوازی هەڵگرتنی مادە خۆراکییەکان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی بەکارهێنانی بەرهەمە خۆراکییەکان دەردەکەوێت، دەشێت خۆراک ماوەی بەسەرچوونی نەهاتبێت و بەهۆی خراپ هەڵگرتنی پێش بەروارەکەی بەسەربچێت و بەهاخۆراکییەکانی لە دەستبدات.

زیاتر وتیشی”داواکارم لەم وەرزەدا هیچ خۆراکێک نەکڕن کە لە دەرەوەی ساردکەرەوەدا دانراون، بەتایبەت بابەتە شیرنەمەنییەکان و شەربەت و ئەو خۆراکانەی کە پلەی گەرمی کاریگەری زۆرە لەسەر پێکهاتەکەی”.