لە باکورەوە هاتووە بۆ هەرێم

بەرهەمی باخ و رەزەکانی گەشتووەتە هەموو کوردستان

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

جوتیارێکی باکوری کوردستان بەناوی “عەلی ئۆرفەیی” خەڵکی شاری ئورفەیە بۆ ماوەی سێ ساڵە رەزێکی داناوە لە گوندی تۆپزاوا لە سنووری ناحیەی رۆڤیا لە قەزای بەردەڕەش.

ئەو جوتیارە چەندین بەروبوومی کشتوکاڵی جۆراوجۆری چاندووە و بەرهەمێکی زۆر باشی هەیە و لە هەموو کوردستان بەرهەمەکانی دەفرۆشرێت .

عەلی ئورفەیی جوتیار بە 964ی وت، بەهۆی ئەوەی کەش و هەوا لەم دەڤەرە زۆر گونجاوە و خاکێکی بەپیتی هەیە بۆ ماوەی سێ ساڵە من لە باکوری کوردستانەوە سەرەدانی هەرێمی کوردستان دەکەم و بەرهەمەکانی رەزی خۆم لەم دەڤەرە بەرهەم دێنم .

ئەندازیار تەحسین سلێمان، بەڕێوەبەری چاندنی قەزای بەردەڕەش بە 964ی وت، عەلی ئورفەیی یەکێکە لە جوتیارە نمونەیەکانی سنورەکەیان، ماوەی سێ ساڵە گرنگی زۆری بە رەزەکانی داوە لەسەر 200 دۆنم زەوی.

وتیشی، چەندین بەروبوومی خۆماڵی کوردستان بەرهەم دەهێنێت لەوانە قۆخ، قەیسی، هەنجیر، فستق و کۆمەڵیک بەرهەمی تر، لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک یەکێکە لە جوتیارە نمونەییەکان.

تەحسین سلیمان دەشڵیت، هەموو بەروبوومەکانی ئەو جوتیارەی باکوری کوردستان لە پارێزگای هەولێر دەفرۆشرێت و بەشێکیشی دەنێردرێ بۆ خوارووی عێراق، هەروەها چەندین هەلی کاری بۆ گەنجەکانی گوندی تۆپزاوا رەخساندووە و لەگەڵ جوتیارەکە کاردەکەن

دەشتی ناوکۆر لە سنوری قەزای بەردەڕەش یەکێکە لە ناوچە بەپیت و دیارەکانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە بەرهەمێکی زۆری هەمەجۆری کشتوکاڵی هەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی