جەمال کۆچەر: رەنگە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دانیشتنی کۆتایی لەسەر بودجە بکرێت
964+
فەهمی نەبی
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رەنگە لە نێوان 15 بۆ 20ی ئەم مانگە، پەرلەمان دانیشتن بکات و تیایدا دەنگ بدرێت لەسەر پەسەندکردنی کۆتایی پرۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی وڵاتەکە.
ئێستا لیژنەی دارایی و لیژنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق خەریکی پرس و راوێژن بە وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە تاوەکو دوایین رەشنووسی پرۆژە یاساکە رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.
لە پرۆژەکەدا، بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بە بڕی نزیکەی 200 ترلیۆن دینار دیاریکراوە. ئەوە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا کە نێردرابێتە پەرلەمان.
پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی سەدا 12.67 دیاریکراوە لە کۆی بودجەی عێراق، کە دەکاتە نزیکەی 16 ترلیۆن دینار بۆ سێ ساڵی داهاتوو.
حکومەتی عێراق کاتێک ئەو پشکە دەنێرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی رادەست بکات، مانگی رابردوو هەردوولا لەسەری رێکەوتن.
لە پرۆژەکەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریکراوە
لەوبارەیەوە، جەمال کۆچەر بە 964ی وت، نرخی نەوت لە بودجە دەستکاری ناکرێت، چونکە ئەگەر هەر دەستکارییەک بکرێت “دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر”.
بەوتەی ئەو، ئەگەر نرخی نەوت زیاتر دابەزێت و کۆی گشتی داهات کەمتر بێت لەوەی دیاریکراوە، ئەوا کار لە بودجەی هەرێمیش دەکات و رێژەی ئەو پارەیەی دەنێردرێت کەمدەبێتەوە، بەڵام پشکی 12.67 جێگیرە و دەستکاری ناکرێت.
بە سۆراغی 964، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە پرۆژە یاساکە پەسەند نەکرێت، ئەوا پەرلەمانی عێراق لە دوو مانگی پشووی هاوینەیدا بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوە بە ئامانجی پەسەندکردن.
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقدا، ماوەی نێوان 1ی حوزەیران تاوەکو 1ی ئابی هەموو ساڵێک وەکو پشووی هاوینە دیاریکراوە.