نیازی فرۆشتنی گۆشته‌كه‌یان نه‌بووه‌

نوێكرایه‌وه‌: چوار گه‌نجه‌كه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ویستوویانه‌ ئه‌سپه‌كه‌ بخۆن

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لایەن پۆلیسی باوەخۆشێنی سەر بە قەزای دەربەندیخان، چوار گەنج دەستگیرکراون، کە ویستویانە ئەسپێک سەر ببڕن و گۆشتەکەی بخۆن.
گەنجەکان سیانیان دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن و ئەویتریشیان دانیشتووی گوندی مەسۆییە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی باوەخۆشین کە نەیویست ناوی بھێنرێت، بە تۆڕی 964ى وت، “بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ھاوڵاتییەک ئاگادار کراینەوە چوار گەنج ئەسپێکیان پێیە لە ژێر پردی دێوانە بە نیازن سەری ببڕن، بەڵام پێش سەربڕینی توانیویانە دەستگیریان بکەن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە پێی وتەی گەنجەکان خۆیان، “ویستویانە ئەسپەکە بۆ خۆیان سەرببڕن و گۆشتەکەی بخۆن و پیشەیان قەساب نییە”.

سەرچاوەکە ده‌ڵێت، بە فەرمانی دادوەر ئێستا گەنجەکان دەستگیرکراون و پەڕەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، ئەسپەکەش دەخرێتە لای ئاژەڵدارێک تا یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە.

ئەو ئەسپەی لە دەربەندیخان لە سەربڕین رزگار کرا.

فۆتۆ: سۆشیال میدیا

ئەو ئەسپەی لە دەربەندیخان لە سەربڕین رزگار کرا. فۆتۆ: سۆشیال میدیا

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا