یاسای تایبەت بەو بووارە جێبەجێ دەکرێت
وەزارەتی کشتوکاڵ بەرهەمهێنان و هاوردەی بنەتۆ رێکدەخاتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتڵ و رووەک رێکدەخرێتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵ کارەکە لە رێگەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2021 دەکات.
ئەو یاسایە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتڵ، تۆمارکردن، پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە رووەکە کشتوکاڵییەکان.
بەپێی ناوەڕۆکی یاساکە، لەمەودوا بنەتۆ و شەتڵ و پاراستنی رووەکەکان بە هەرەمەکی ناکرێن و وەزارەتی کشتوکاڵ لەژێر رۆشنایی یاساکەدا رێنمایی دەردەکات و دەبێت جێبەجێ بکرێن.
هەموو کارێکی کشتوکاڵی تۆمار دەکرێت، بنەتۆ و شەتڵ و رووەکەکان پۆلێن دەکرێن و بەپێی خاک و چۆنێتی بەرهەمهێنان و پاراستنیان بڕیار لەبارەی بەکارهێنان یان رەتکردنەوەیان دەدرێت. ئەوە وتەی هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمە.
یاساکە دیاری کردووە، کە دەبێت ئەو جوتیارە یان ئەو کێڵگانەی بنەتۆ و شەتڵ و رووەک بەرهەمدەهێنن، لە رووی زەوی و پێویستییەکانی بەرهەمەکە و سەرپەرشتیکردنەوە هەموو رێنماییەک جێبەجێ بکەن.
هێنانی بنەتۆ و شەتڵ و رووەکی هاوردەش رێکدەخرێنەوە و مەرج و رێنمایی هاوردەکردنیان دادەندرێت.
هیوا عەلی وتیشی، “ئەو کارە هاندان دروستدەکات بۆ بەرهەمهێنانی نموونەی نوێی ئەو بەرهەمانە و هێنانی جۆری نوێ، هەروەها پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەکات”.