خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی زاخۆ
داوای قەدەغەکردنی مریشکی هاوردە دەکەن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی زاخۆ داوا دەکەن چیتر مریشک لە دەرەوە هاوردە نەکرێن و دەڵێن، دەتوانن بە بەرهەمی ناوخۆ پێداویستی خەڵک دابین بکەن.
روژانە نزیکەی 40 بارهەڵگری مریشکی بەستوو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دێتە هەرێم، کە دەکاتە 900 هەزار بۆ ملیونێک و 200 هەزار مریشک بە قسەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و سەرچاوەیەک لە ناو دەروازەکە، بەمەش خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان توشی ئیفلاس بوونە و مریشکەکانیان لە کێڵگەکانیاندا ماونەتەوە.
فەرحان سەگڤان، خاوەن پڕۆژەی کێڵگە پەلەوەرییە و بۆ 964 وتی: ئێمە دەتوانین پێداویستی خەڵک و بازاڕ دابین بکەین، ئەگەر حکومەت رێگە لە هاوردەکردنی مریشک بگرێت، بەرهەمی خۆماڵی تووشی لەناوچوون بووە، لە کاتێکدا لە دەرەوە بەرهەممان بۆ دێت.
رێبەر زاخۆیی، یەکێکی دیکەیە لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، بە 964ی وت: “نەک تەنیا ئێمە دەتوانین پێداویستی خەڵک و بازاڕ دابین بکەین، بەڵکو زیاترمان پێدەکرێت، چونکە ئێمە 18 پرۆژەمان لە زاخۆ هەیە، بەڵام تەنیا دوو پڕۆژە بەردەوامن، ئەوانی دیکە هەموویان لەکارکەوتوون لەبەر هاوردەکردنی مریشکی بەستوو، روژانە زەرەر و زیانێکی زۆرمان پێدەگات.
کوڤان ئاڤدەل، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی زاخۆ بە 964ی وت: کێشەی گەورە ئەوەیە ئێمە رێگە لە هاوردەکردن بگرین و لە دواییدا ئەمانە نەتوانن پێداویستی بازار دابین بکەن.
وتیشی، با هەموویان بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە قایمقامیەتی زاخۆ بکەن و بەڵێن بدەن بە هەمان نرخی هاوردەکردن یان کەمتر گەرەنتی بوونی مریشک لە بازاڕدا بکەن، نەک رۆژێک بتوانن و رۆژێک نەتوانن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی