زانکۆی گلاسکۆی بەریتانی دەچێتە گوندێکی گەرمیان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

تیمێکی زانکۆی گلاسکۆی بەریتانی دەچێتە گوندی تەپەی یەڵانچی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و کاری رووپێوی و هەڵکۆڵین بۆ شوێنەوارەکانی گوندەکە ئەنجامدەدات.

ساڵح محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە بە 964ی راگەیاند، گرێبەستێکیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ زانکۆی گلاسکۆ واژو کردووە و لەو ماوەیەدا زانکۆکە تیمێک دەنێرێت کار لەسەر سەردەمە جیاوازەکانی شوێنەوار دەکرێت.

تیمەکە لەلایەن پڕۆفیسۆر کلاودیا گلاتز سەرپەرشتی دەکرێت و کاری توێژینەوە، هەڵکۆڵین و رووپێوی بۆ شوێنەوارەکانی تەپەی یەڵانچی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەکات.

“گرنگی گرێبەستەکە لەوەدایە کار لەسەر سەردەمە جیاوازەکانی شوێنەواردەکرێت و گواستنەوەی زانیارییەکان لەسەردەمێکەوە بۆسەردەمێکی دیکە، کە بریتیە لەسەردەمی  سامڕا، حەلەف، عوبید، کاکلۆثیک”، ساڵح محەمەد وای وت.

لە ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 550 ناوچەی شوێنەواری هەیە و ماوەی 10 ساڵە هیچ بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنیان تەرخان نەکراوە.

بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی گەرمیان داوای چوار ملیار دینار دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئیدارەکە دەڵێت، چەندین شوێنەواریان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.