له‌ قه‌ره‌داغ گه‌له‌گورگ رانه‌مه‌ڕێكى هه‌ڵدڕی

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ گوندێكی سه‌ر به‌ قه‌زاى قه‌ره‌داغ، گه‌له‌گورگێك په‌لامارى رانه‌مه‌ڕێك ده‌دات و چه‌ند سه‌ره‌مه‌ڕێك هه‌ڵده‌دڕن، وته‌بێژی پۆلیسی ژینگه‌ و دارستانیش ده‌ڵێت “خه‌ڵك ده‌توانن به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت گورگه‌كان له‌ خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانن بیانكوژن”.

دره‌نگانى شه‌وى 30.4.2023، لە گوندی دەرەویانی سەر بە قەزای قەرەداغ، گەلەگورگێك په‌لامارى رانه‌مه‌رى هاوڵاتیه‌ك ده‌دەن و ژماره‌یه‌ك مه‌ڕ هه‌ڵده‌دڕن و برینداریان ده‌كەن.

گوندى ده‌ره‌ویان سێ كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌رى قه‌زاى قه‌ره‌داغ دووره‌ و كه‌وتووه‌ته‌ ده‌شتاییه‌كی ئه‌و سنووره‌.

عه‌مید هێمن كه‌مه‌رخان، وته‌بێژى پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، به‌ 964ـى راگه‌یاند “له‌و په‌لاماردانه‌ى گورگه‌كان چوار مه‌ڕ هه‌ڵدڕاون و مردار بوونه، دانه‌یه‌كیشیان برینداره‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، خاوه‌ن مه‌ڕه‌كان ده‌توانن ئه‌و گورگانه‌ به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت له‌ خۆیان دووربخه‌نه‌وه،‌ به‌ڵام وتى “ناتوانن راویان بكه‌ن و بیانكوژن”.

سه‌باره‌ت به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ڕداره‌ش، وته‌بێژى پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وتی، “پێم وانییه‌ قه‌ره‌بووبكرێته‌وه‌، چونكه‌ زیانه‌كانى كه‌من، به‌ڵام تا ئێستاش هیچ جموجۆڵێك له‌لایه‌ن خاوه‌ن مه‌ڕه‌كان نه‌كراوه‌ داواى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان كردبێت”.

له‌ قه‌ره‌داغ گه‌له‌گورگ رانه‌مه‌ڕێكى هه‌ڵدڕی