دوو پەنجەی لە کاتی کارکردن لەدەستداوە و کەسیش لێی ناپرسێتەوە
964+
هونەر فارس
دوو پەنجەی دەکەوێتە بەر جیهازەکە و تا فریای دەکەون کار لەکار ترازاوە. ئەمە چیرۆکی پەیمان ئیحسان کە دوای قرتانی پەنجەی بەبێ وەرگرتنی قەرەبووی مادی، لە کارەکەیشی دوورخراوەتەوە بە قسەی خۆی.
مام حەمیدی 51 ساڵیش کارمەندی یەکێک لە کۆمپانیاکانی پاککەرەوەیە و لە مانگانەیەکی 300 هەزاری کە خۆی واتەنی بەشی هیچ ناکات 60 هەزار دیناریان لێبڕیوە.
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە مافی کرێکاران نییە و بە ناچاری کار بە یاسای ژمارە 71ی ساڵی 1987ی عێراقی دەکرێت.
تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ناوی نزیکەی شەش هەزار و 500 کرێکار لە لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران تۆمارکراون و زیاد لە 150 کارگەش لە سنورەکەدا کاردەکەن.
بە گوێرەی ئەو یاسایەی بۆی دیاریکراوە کرێکار نابێت لە هەشت کاتژمێر زیاتر کاری پێبکرێت و دەبێت لە کاتی گیانلەدەستدان یاخود هەر حاڵەتێک کە بەسەریدا دێت قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە لە کوردستان و کەس نەیبیستووە ئەو مافانە دابینکرابێت.