وەزارەتی بازرگانی عێراق: گەنمی شێرپەنجەیی ئوستورالی بوونی نییە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی بازرگانی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە مادەیەکی شێرپەنجەیی لە گەنمی ئوستورالی دۆزرابێتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی بازرگانی عێراق، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، گوایە گەنمی شێرپەنجەیی ئوستورالی هەبێت و بەهەمان شێوە ئەوەش رەتدەکاتەوە هیچ زاراوەیەک هەبێت بەناوی گەنمی شێرپەنجەیی.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی بازرگانی، لەماوەی رابردوودا بەشێوەیەکی سەرەکی عێراق کڕیاری گەنمی کەنەدی، ئوستورالی و ئەمریکی بووە، گەنمی ئەم سێ وڵاتەش لە باشترین جۆری گەنمن لە ئاستی جیهان.

وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، پشکنین بۆ هەموو ئەو جۆری گەنمانە دەکەین کە لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێن.

پێشتر 964 لە بەدواداچونێکی ئەوەی دەرخست، عێراق بەتێکڕایی رۆژانە پێنج تۆن گەنم دەکڕێت.
تەنیا لەماوەی دوو مانگی سەرەتایی ئەم ساڵ بەتێکڕایی، 10 کەشتی لە چوار وڵاتی جیاوازەوە هاتوون و لە بەندەری ئوم قەسر، کە بە هەموویانەوە 301 هەزار و 500 تۆن گەنمیان هەڵگرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانە بێت کە وەزارەتی بازرگانی بڵاویکردووەتەوە لەماوەی ساڵی 2022، ژمارەی ئەو کەسانەی سوودمەندن لە بەشەخۆراکی مانگانە 40 ملیۆن و 360 هەزار هاوڵاتی عێراقی بووە، هاوکات هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لەو ژمارەیە.