پەتاتە ئۆتۆمبێل بە جوتیارێک دەفرۆشێت
964+
ئەحمەد مستەفا_ سلێمانی
رەنجی کێڵگەی پشتیوان و جوتیارە ھاوڕێکانی سەختە، شەپۆلە باران بارینەکەش جگە لە خێر و بێر بۆ زەوییەکانیان، گیای بەھارەی لەنێو کێڵگەکانیاندا دروستکردووە.
لە دەشتی شارەزوور دەست بە بژاری پەتاتە کرا، کە دوو جۆری تێدا بەرھەمدەھێنرێت (خۆراکی و پیشەسازی) لە ھەزاران دۆنمی دەشتەکە زیاتر لە 100 جوتیار ئەمساڵ پەتاتەیان چاندووە و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ پێدەگات.
پشتیوان محەمەد، جوتیار لە دەشتی شارەزوور و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ساڵی رابردوو لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستمان بە ئاودان کرد لە رێگەی بیر و تانکەری ئاوەوە، بەڵام ئەمساڵ وا نزیک دەبینەوە لە مانگی ئایار تەنیا پشتمان بە باران بەستووە، بەڵام گژ و گیایی بەھارەی ماندووی کردووین، جگە لە سودی زۆری بۆ پەتاتە و تەماتە”.
پشتیوان محەمەد، کە یەکێکە لەو دەیان جوتیارەی سەیارەکەیان بۆ خەرجی کێڵگەکانیان فرۆشتووە، ئێستا بە ماتۆڕسکیل ھاتوچۆ دەکات.
ئەو دەڵێت: سەماد و تۆو و گاز و دەرمان نرخەکەیان دوو هێندە زیادیکردووە، حکومەت نەیتوانیوە نیوەی خەرجیمان بۆ بدات، ناچار چاوەڕێی رەحمی خودای گەورەین رەنج بەخەسار نەبین.
لە دەشتی شارەزوور یەک تۆن تۆو، لەنێوان 5 بۆ 15 تۆن پەتاتە بەرھەمدەھێنێتەوە، ساڵی رابردوو دەگمەنترین حاڵەت تۆمارکرا کە 10تۆن پەتاتە بە یەک تۆن تۆو بەرھەمھێنرا.