بەهۆی تەقینەوەی مینەوە هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە پێنجوێن بەهۆی تەقینەوەی مین هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکە بریندارە، پۆلیس دەڵێت، “لە گژووگیا کۆکردنەوە بوون”.
ئەمرۆ چوارشەممە 26.4.2023 رائید کاروان عەبدوڵا بەرێوەبەری بنکەی پۆلیسی پێنجوێن رووداوەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە، ھاوکات نەخۆشخانەی شەهیدانی پێنجوێن ئەمبۆڵانس و تیمی تەندروستییان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە.
بە وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن، رووداوەکە کاتژمێر 12:00 نیوەڕۆ لە نێوان شاخی ملەکەوە – کەچەڵی لەسنوری قەزای پێنجوێن روویداوە، رائید کاروان ئەوەشی وت، “لەکاتی گەڕان بۆ گیای بەهارە مین بە دوو هاوڵاتییەکەدا تەقیووەتەوە “.
دوو ھاوڵاتییەکە دانیشتووی سنوری قەزای سەیدسادقن، نەخۆشخانەی شەهیدانی پێنجوێن ئەمبۆڵانس و تیمی تەندروستیان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردوە لەبارەی دۆخی بریندارەکە بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن وتی، “بریندارەکە کاریگەری تەقینی مینەکەی لەسەرھەبووە و بە جەستە سەلامەتە” تەرمی قوربانییەکەش رەوانەی پزیشکی دادی پێنجوێن دەکرێت.
ئەوەی کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی جەمال ئەحمەدە و تەمەنی 55 ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی شێخانە لە قەزای سەیدسادق، تیمەکانی پۆلیس گەشتوون بەو ئەنجامەی کە مینەکە ھی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقە کە تەقیووەتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی