دوای شەش رۆژ بانکی ناوەندی تەنیا حەوت ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕ
964+
فەرمان سادق
دوای شەش رۆژ لە نەفرۆشتنی دۆلار، بانکی ناوەندی تەنیا حەوت ملیۆن دۆلاری بۆ فرۆشتن خستە بازاڕەوە.
کەمێک پێش ئێستا، بانکی ناوەندی فرۆشتنی دۆلاری بۆ ئەمڕۆ سێشەممە 25.4.2023 راگەیاند.
بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندی 171 ملیۆن 508 هەزار و 366 دۆلاری خستەڕوو، لەم بڕەشدا تەنیا حەوت ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بۆ بازاڕی ناوەخۆ بووە.
ئەو کەمی خستنەڕووە بە قسەی کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر دەبێتە هۆی بەربوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕدا بەرامبەر بە دیناری عێراقی.
پێش خستنەڕووی دۆلار، بەهای 10 دۆلار لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراو بەرامبەر بە 142,500 دینار بوو، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی خستەنڕووێ دۆلار کە بانکی ناوەندی لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ ئاشکرای دەکات، نرخەکە بۆ 142 هەزار دابەزی، بەڵام بە چەند خولەکێک دوای خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرز بووەوە بۆ 142,400 دینار.
بانکی ناوەندی لە رۆژی 19.4.2023، بڕی 319 ملیۆن و ,595 هەزار و 917 دۆلاری خستەڕوو، لەم بڕەدا 225 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری بۆ ناو بازاڕ بوو، ئەوەی دیکەشی کە 93 ملیۆن و 695 هەزار و 917 هەزار دۆلاری بۆ حەواڵە بووە.