خۆی پڕۆژەکان دیاری دەکات
دەستەی وەبەرهێنان هەرێم پڕ لە پڕۆژە دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دەستەی وەبەرهێنان لە بەرنامەیدایە بۆ ساڵی 2023 مۆڵەت بە 200 پڕۆژەی وەبەرهێنان بدات، لە کاتێکدا ساڵی 2022 دەستەکە مۆڵەتی بە 89 پڕۆژە دابوو.
ئەو پڕۆژانەی لە پلانی دەستەکەدایە مۆڵەتیان پێبدات تەواوی سێکتەرەکان دەگرێتەوە، بەڵام پڕۆژەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتوگوزاری لە پێشینەی مۆڵەتەکاندان.
دەستەکە جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئەمساڵ خۆی 200 پڕۆژەی پێویست لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەست وەبەرهێنەران، تا داواکاری بۆ جێبەجێکردنی پێشکەش بکەن، بەڵام ساڵانی پێشتر وەبەرهێن خۆی پڕۆژەی دیاریی دەکرد و داوای دەکرد.
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەوەی بەردەستە نەخشەی وەبەرهێنانی هەرێمە و هیچ شوێنێکی کوردستان پشتگوێ نەخراوە و پڕۆژەی لێدەکرێتەوە.
دەشڵێت، ئەو نەخشەیە ئابووریی هەرێم بەرەوپێشەوە دەبات و زۆرێک لە سێکتەرەکان دەبووژێنێتەوە.
کۆی سەرمایەی ساڵی 2022ی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێم دوو ملیار و 135 ملیۆن و 418 هەزار و 819 دۆلار بووە.