هەم قوتابین و هەم پۆلیسی هاتوچۆ

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لە قوتابخانەی گۆرانی بنەڕەتی لە شاری سلێمانی ژمارەیەک قوتابی بە هێلەگی تایبەتەوە لە کاتی هاتن و رۆیشتنەوەی قوتابیاندا لەبەردەم قوتابخانەکەیان رێنمایی دەدەنە شۆفێران.

ئەوە یەکەمجارە قوتابخانەکە ئەو کارە دەکات و ئامانجیش لێی پاراستنی قوتابیانە لە روداوی نەخوازراو و رێگرتن لە روداوی هاتوچۆ لە بەردەم دەرگای قوتابخانەکە.

قوتابخانەکە کەوتووەتە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانیەوە و تا قۆناغی شەشی بنەڕەتی تێدا دەخوێندرێت.

قادر عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گۆرانی بنەڕەتی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەوان ئەو بڕیارەیان بۆ سەلامەتی گیانی قوتابیان داوە و لە رێگەی منداڵەکانەوە پەیامێکیان ناردووە بۆ دایک و باوکان کە نابێت سەیارە بێنن بۆ بەردەرگای قوتابخانە.

وتیشی: تا ئێستا هیچ روداوێکی نەخوازراو روینەداوە، بەڵام دەمانەوێت رێگری بکەین لە رودانی روداوی نەخوازراو. هەروەها قوتابییەکانیش فێر دەکەین فێرببن پارێزگاری لە خۆیان بکەن.

تۆڕی 964 دەزانێت، دوای ئەو کارەی قوتابییەکان ئێستا دایک و باوکەکان پابەندن و ئۆتۆمبێلەکانیان ناهێننە بەردەم قوتابخانەکە.

لاوی سەروەت، یەکێکە لەو قوتابیانەی لەبەر دەرگای قوتابخانە دەوەستێت بە هێلەکی پۆلیسی هاتوچۆوە و ناهێڵێت سەیارە بڕواتە بەردەرگای قوتابخانە، لاوی دڵی خۆشە بەو کارەی و بە تۆڕی 964 دەڵێت، “من سەلامەتی هەموو قوتابیەکانم خستۆتە ئەستۆی خۆم وداوا دەکات قوتابخانەکانی تریش ئەم کارە بکەن”.

ئامینە کەریم، دایکی یەکێک لە قوتابیەکانی قوتابخانەکەیە و دڵی خۆشە بەو کارە و دەڵێت، “ئێستا خەمی منداڵەکەمم نییە کە دەینێرم بۆ قوتابخانە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی